بەڵام ئەزمونێكی تاڵ و ژیانێكی پڕ لە دەرد و چەرمەسەری بینیبوو. لەوانەیە كەسێك سەیری بكردایە، ڕاشكاوانە و بێ دوودڵی بیگوتایە، ئەم كچە تا ئێستا زەواجی نەكردووە. ڕەنگی روخساری وەك نیوە مانگی شەوی چواردە دەدرەوشایەوە. ویستم بیدوێنم. هەناسەیەكی بە قووڵایی دەریایەك كێشا. برژانگی چاوەكانی وەك پەڵە هەورێكی ڕەش، سپیایی و خاڵە ڕەشەكانی چاوی داپۆشی. ڕوودانی گەردەلوولێكی دڵتەزێنی پیشان دەدا. تاڵ تاڵی قژی وەك گەڵای دار دەهەژایەوەو هاژەو هووژەی ئەم گژەبایە تا ناخی دڵم دەنگی دەدایەوە. بەژن و باڵاكەی لە مێشكی بینەردا نەخشی دارچناری دەنواند. لەوانەیە لە بەر ئەوەی وەك پەل و پۆی ئەو دارچنارە دەلەرایەوە. كاتێك ئەم گژەبا پشووی دەدا، بێ دەنگ و مات ڕادەوەستاو دەكەوتە بیركردنەوە كە لە ناكاو بە ڕاوەشاندن یا بانگكردن بەئاگا دەبوویەوە.
كاتێك ویستم خۆم بخەمە جەرگەی دونیایەكی بێ وەفایی، دڵم دا لە دەریا و بێ دەنگی دەم و بەیانی زوڵم و زۆرداری و بێ عەدالەتیم شكاند، گوتم:ئەی خوشكە زۆر پەشۆكاویی! كێشە چییە؟ چ رووی داوە؟ چاوەڕوان بووم و دڵۆپێك لە ئێشی دورگە، دەریای بێ ئاو گوێبیست ببم. بەڵام پێچەوانەكەی دورگەیەك كە لە ناو دەریای بێ ئاو، نوقمی گەردەلوولی دەشتی بێ سنوور بوو بوو.
ئا، كچێكی تەمەن 25 ساڵانە. هێشتا ساڵێك لە هەڤدیتنەكەمان تێنەپەڕیوە. بەشەو ڕۆژ رووداوێ لە سەرمدا وەك كابووس خۆی پیشان دەدات، لە دوورەوە بانگم دەكات. هەڤاڵ،رۆژگار رەحمی نەماوە، ئاراستەی مرۆڤایەتی بەرەو لادان رۆیشتووە.
هاوار دەكات!
من یەكێك لە قوربانیەكانی عەقڵیەتی پیاوسالاریمە كە لە تەمەنی 25 ساڵیمدا، 8 جار زەواجی تاڵ و نائاكامم كردووە. ئەم لێپرسینەوەیە زۆر سەیرە، چۆن دەبێت كچە جوانێكی كورد لە ساڵێكدا چەند جار زەواج بكات و پاشان تەڵاق بدرێت. ئەم كچە لەكاتی باسكردنی چیرۆكی تاڵی ژیانی خۆی بە فرمێسكی چاوانی، رووبارێك لە كین و نفرەتی دروست دەكرد كە بەم رووبارە هەموو مرۆڤە چەپەڵەكان بخنكێنێت. باسی دەكرد، بەڵام جار جار دەیگوت خوایە تۆ بۆ منت دروست كرد! تۆ منت بۆچی بوو؟ چارەنووسی من دەبێ بۆ ئەمە بێت؟ بە كلێنێكس فرمێسكی چاوانی دەسڕیی و دەیگوت: گۆناهی مرۆڤ نابێت بەم ڕەنگە ئازاد بكرێت.
ئاسمانی چاوەكانی سووراییەك دایدەگرێت. ئەو سوورایی هاواری نیفرەت و كینی نیشان دەدا. دەم و چاوی تەم و مژێك دایگرتبوو، راستی روخساری ناو ئەم تەم و مژەدا شاردراوە بووە. ڕەنگ زەردی قژی، وەرزی پاییزی بە بیر دەهێنا. لەوانەیە ئەم گەردەلوولە لە قژی ئەو كچەی دا بوو. هەر تاڵێك لە قژی هاوارێكی لێ بەرز دەبوو. هاوار بۆچی؟
دەیگوت: من كچم. بۆچی بە كچی لە دایك بووم. ئەگەر كچ نەبوایەم ئەمەش نە چارەنووسی من بوو. هێشتا قسەكانی كۆتایی پێ نەدەهات، دەچوویەوە ناو خەیاڵەوە. لە خەیاڵەكانی دا هاواری ئازادی لێ بەرز دەبوو. هەر چەند دەكەوتە ناو بیرەوە، بزەی لێوەكانی هیوای لێ دەباری. لە كتوپڕدا دادەچڵەكا و دەیدایەوە ژێر گریان و بە گریانەوە دەیگوت نەفرەت لە من بێت بۆ هەڵخڵەتام، بۆ هەر جارێك جاری پێشووم بە ئەزموون وەرنەگرت. بۆ من تەسلیمی هەستە خەوتوەكانم بووم و نازانم بە دەها ئاخ و داخی دیكەی هێنایە سەر زمان.
یەكەمین زەواجی لە تەمەنی 16 ساڵیدا پێك هێنا. لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا، 8 جار زەواج دەكات. ئەویش بۆ خۆی دەڵێت نازانم ئەمە راستیە یا خەونە. بەڵام كاتێك ئاوڕێك بە مێژووی ژیانی دادەنێت بۆ خۆی دەڵێت زامەكانی دەكولێتەوە. بە هەناسە كێشانێكی قووڵەوە دەڵێت: ئاخ ئەمە خەون بوایەت، بەداخەوە ئەمە راستیە. دەریایەك لە تاوانە. منیش دڵۆپێكم لەم تاوانە. من بوومە قوربانی، بەڵام لە پێناو چی. نازانم چ خاكێ بە سەرما بكەم. سەرم هەڵگرم و ڕوولە كوێ بكەم. ئێستا دەزانم خەڵك لە سەر من چ قسە دەكەن. كچی فلانە كەس زەواجی وەكو گۆڕینی جڵ و بەرگ لێكردووە. هەر ڕۆژ لە گەل پیاوێكدا دەژی. ئیدی من بەرگەی ئەم قسانە ناگرم. لە لایەك شەق و پالەقەی مێردەكەم و لە لایەك قسە تاڵەكانی خەڵكێ، كامیان هەڵبژێرم. من پێش هەموو شتێك مرۆڤم. هەستم هەیە. دەمەوێت وەك مرۆڤ بژییم، بەڵام ئەو مێردەی لە گەڵیا ژیاوم بە پێلاقەو شەقلێدان و سووكایەتی، دەستخۆشی مرۆڤ بوونی منی كردووە. هەستی منی زامدار كردووە. هەتا مافی یەك ئاژەڵ چییە تا بگەیەت بە مرۆڤ پێم نەدراوە. ئیدی چۆن دەبێت ئەمە قبوڵ بكەم. قبوڵ بكەم لە بەر چی؟ لە بەر ئەوەی كە من ژنم. پێناسەی زایفەبوون لە سەرمە. پیاوێك دەڵێت تۆ ژنی و كاری ماڵێ دەكەی، یەكێكی دیكە بێ من ئاو ناخۆیتەوە، یەكێك تەلەفۆنم لێ دەگرێت، یەكێك رێگای چوونە دەرەوەم پێ نادات و یەكێك بە مانگانە نایبینم، یەكێك بە سەر مندا ژنی دیكە دێنی. هەمووی ئەمانە تاوانی منە. ناڕەزایەتی دەردەبڕم، بە ئۆپۆزسیۆن، بێ حەیا، پام لە هەرێمی خۆم زیاتر درێژ كردووە، تۆمەتبار دەكرێم. ئەگەر هەر كەسێكی دیكە بە جێگای منیش بێت ئەم كارە بكات، ئەمەش من نە وەك گۆڕینی جل و بەرگ بە ناو دەكەم، بەڵكو قەبوول نەكردنی عەقلیەتی تەجاوز ناولێ دەكەم.
جارێكی دیكە ئا: بێ دەنگ دەبێت و چاوی پڕ لە ئاو دەبێت و سەری ڕادەوەشێنێت و بە هەر دوو دەستی سەری دەگووشێت و بە تووڕەبوونەوە دەڵێت با من هەموو شتێك بڵێم، كێ باوەڕ دەكات. چۆن من ژنم و لە دابونەریتی كۆمەڵگاماندا و یاسای پیاوسالاران دا ئێمە تاوانبارین. پیاوان و كاربەدەستانی یاسا چیان گوت سەر سەر و سەر چاوان قبولی بكەین.
قسەكانی ڕەنگی بێ هیوایی لێوە دیار بوو. دەیگوت بۆچی لێكۆلینەوەیەكی باش بۆ ئەو ژنانەی خۆ دەسووتێنن و خۆ دەكوژن ناكرێت. بە ئیعلان كردنی یەك قسەی كورت ناتوانین لە دیاردەیەكی مەترسیدار خۆمان قوتار بكەین. من زۆر جار بیرم لە خۆسووتاندن و خۆكوشتن كردوەتەوە، بەڵام جەسارەتم نەبوو. ئەگەر پاش دووهەمین زەواجم خۆم بكوشتایە. ئاراستەی ژیاننامەكەم شتێكی دیكە بوو و لە ئەنجامدا بەم شێوەی ئێستا نەتاندەتوانی بینووسن و كەس بەو ڕەنگەی ئەمڕۆ قسەی لە سەرم نەدەكرد. من لە ژیانم زۆر بێزارم. چۆن پرۆسەی زەواج بۆ من بیری مردن و چاڵی قووڵی كۆێلەتی یە. بۆیە ئیدی ئەم ئاخرین زەواجم دەبێت.
ئەگەر ئێمە هەر چەند بەوردی سەیری كۆمەڵگای كوردەواری بكەین بە هەزاران داستان و كارەساتی تراژدیای تێیدا دەبینین، لە لایەك چارەسەركردنی ئەم گیرو گرفتی كۆمەڵایەتیانە بەشێكی گەورەی دەكەوێتە سەر ڕاگەیاندن و چاپەمەنیەكان كە دەبێت بە دڵسۆزی و بەرپرسیاریەوە بۆ چارەسەری ئەم ڕووداوانە هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ. باس كردن و بانگهێشت كردنی كێشەی ژنان بە نیشاندانی چەند وێنەی سێكسی و رووت و بە بڵاوكردنی چەندین رێپۆرتاژی لەم جۆرانە، نە زام و برینەكانی كۆمەڵگاكەمان چارەسەر دەكات، بەڵكو ئەو برینانە زیاتر دەكولێنێتەوە. بۆیە ئەو جۆرە كچ و ژنانە جەسارەتی ئەوەیان نییە كە لە ناو كۆمەڵگادا خۆیان پیشان بدەن، لەبەر ئەوەی ئەم رووداوانە چەواشە دەكرێت و لە واقعیەتی خۆی دوور دەخرێت كە ئیدی ئەو ژنانە نایانەوێت ژیاننامەیان باس بكەن و وەك بەرگێكی نوێ پەندی مێژووی بەكار بهێنرێت. هیوادارم هەموو رۆژنامەنووسان و گۆڤار و رۆژنامەو تەلەویزیۆنەكان بەو ڕەنگەی كە ئێستا هەیە، گۆڕانكاری بەسەر خۆیاندا بكەن و وەك خۆیان ببن نە تەقلیدی وڵاتانی دەورو بەر بكەن.
ئەم داستانە سەر بنەمای ڕاستی و بە پێ قسەكانی ئەو ژن تۆماركراوە. لە سەر بنەمای دابونەریتی كۆمەڵگاكەمان و كولتوری رۆژنامەگەری پرۆفایلی ئەو ژنەم نەنووسیوە، بۆیە داوای لێبوردن لە خوێنەری بەرێز دەكەم.