خه‌ته‌نه‌كردن ئه‌و دیارده‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه له كچان ده‌كات
به‌رده‌وامی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه له‌كوردستاندا حكوومه‌ت ناچار ده‌كات هه‌ڵمه‌تێك بۆ بنبڕكردنی ئه‌نجام بدات.
وارڤین- سلێمانی:
هه‌رچه‌نده هه‌وڵه‌كان بۆ بنبڕكردنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێنیه به‌رده‌وامه، به‌ڵام هێشتا دیارده‌كه له‌ژێر ناوی ئایینی ئیسلامدا له‌چه‌ندین ناوچه‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت و به‌رده‌وامی دیارده‌كه‌ش سێ وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی ناچاركرد كه هه‌ڵمه‌تێك بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی پێك بهێنن.
هه‌ڵمه‌ته‌كه به به‌شداری هه‌رسێ وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ، ته‌ندروستی، ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوه‌ی مانگێك ده‌خایه‌نێت و تیایدا نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له‌و سێ وه‌زاره‌ته، هاووڵاتییان له زیانه‌كانی خه‌ته‌نه‌كردن ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه به ئامانجی بنبڕكردنی.
تاڤگه عومه‌ر ره‌شید، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كاروباری مافی مرۆڤ گوتی:" دوای ئه‌و توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ده‌ركه‌وت دیارده‌كه له زۆر شوێنی كوردستاندا بوونی هه‌یه و به‌ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه په‌یره‌ِو ده‌كرێت، بۆیه پێویستی به هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رتاسه‌ری و بنبڕكردن هه‌یه". ئه‌وه‌یشی گوت كه به‌پێی ڕاپۆرته‌كانیان ده‌ركه‌ووتوه دیارده‌كه له هه‌ندێك ناوچه‌دا به ڕێژه‌یه‌كی زۆر هه‌یه به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی ڕانیه، قه‌ڵادزێ، پشده‌ر و گه‌رمیان.
به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، كه وه‌زاه‌رته‌كه‌یان به‌شداری هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌كات، گوتی:" ئامانجمان بنبڕكردنی دیارده‌كه و ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه‌یه بۆ خه‌ڵكی كه وا تێگه‌یشتوون خه‌ته‌نه‌كردن له ئایینی ئیسلامدا هاتووه".
گوتیشی:"ده‌مانه‌وێت له‌ڕێی ئیمام و خه‌تیبه‌كانه‌وه ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست بكه‌ینه‌وه، تا چیتر به‌ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه كچ خه‌ته‌نه، نه‌كرێت".
نه‌قشبه‌ندی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ده‌یانه‌وێت بۆ خه‌ڵكی ڕوون بكه‌نه‌وه كه خه‌ته‌نه‌كردن په‌یوه‌ندی به ئایینی ئیسلام و شه‌رعه‌وه نییه‌و له قورئان و له هیچ فه‌رموده‌یه‌كدا نه‌هاتووه كه داوا بكات كچ خه‌ته‌نه بكرێت، ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی له‌و دیارده‌یه دووربكه‌ونه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی له خولی دووه‌می په‌رله‌ماندا یاداشتێك ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرا به ئامانجی به یاساییكردنی پڕۆژه یاسای قه‌ده‌غه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه له كوردستاندا،14 هه‌زار واژۆ بۆ پاڵپشتی له پڕۆژه یاساكه درایه حكوومه‌ت و په‌رله‌مان، به‌ڵام نه‌توانرا باسی لێوه بكرێت. هاوكات ئه‌ندام په‌رله‌مانێك په‌سه‌ندنه‌كردنی یاساكه‌ی بۆ كه‌مته‌رخه‌می په‌رله‌مان گه‌رانده‌وه .
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه كوێستان محه‌مه‌د، ده‌ڵێت:" په‌رله‌مانی پێشوو له‌و مه‌سه‌له‌یه كه‌مته‌رخه‌م بوو و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی دیارده‌كه له هه‌ندێك ناوچه‌ی دیاریكراودا هه‌یه‌و پێویست به‌ده‌رچوونی یاسا ناكات، ئاماده‌نه‌بوون قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت ". ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه باسی له‌وه‌شكرد كه ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌ته‌نه‌ی مێیه‌نه، له‌كوردستاندا كارێكی پێویسته. كوێستان، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه "خه‌ته‌نه‌كردن نه‌ك توندوتیژییه، به‌ڵكو كوشتنی ژنه، بۆیه ده‌بیـَت به زوویی یاسایه‌ك بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌كه و سزادانی ئه‌وانه‌ی ئه‌وكاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ده‌ربكرێت". كوێستان محه‌ممه‌د، گوتیشی:"یه‌كه‌م كارمان له په‌رله‌مان كاركردن له‌سه‌ر یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی توندووتیژی خێزان ده‌بێت كه له‌ناویشیاندا به‌چه‌ند مادده‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌ته‌نه‌ی مێینه‌ش، له‌خۆ ده‌گرێت".
فه‌لاح موراد خان، ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌كانی وادی له عێراق كه ڕێكخراوه‌كه‌یان ماوه‌ی سێ ساڵه، له كوردستاندا كار بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌كه ده‌كات، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه په‌رله‌مانی پێشوو له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسایی قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌ته‌نه، كه‌مته‌رخه‌م بووه. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد كه خه‌ته‌نه‌كردنیش جۆرێكی تری توندووتیژیه به‌رامبه‌ر به ژنان و گه‌ر كوشتنی ئافره‌ت به‌ناوی شه‌ره‌ف له چوارچێوه‌ی چه‌ند خێزانێكدا بوونی هه‌بێت، به‌ڵام خه‌ته‌نه‌كردن له زۆربه‌ی خێزانه‌كاندا هه‌یه‌و هیچ خێزانێك نییه كه‌سێكی ڕووبه‌ڕووی دیارده‌كه نه‌بووبێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له ئێستادا هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌ستی پێكردووه بۆ زانینی ئه‌وه‌ی چ گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر دیارده‌كه‌دا هاتووه.
هه‌روه‌ها گوتیشی:" ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه تا ئێستاش خه‌ڵكانێك سوورن، له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی خه‌ته‌نه‌كردن به‌ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه، به تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی ڕانیه و قه‌ڵادزێ، به‌ڵام له هه‌ندێك ناوچه‌ی تردا هه‌ست به‌كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌كرێت".
به‌پێی تازه‌ترین ئاماری ڕێكخراوه‌كه له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان ڕێژه‌كه له 63 %ـه‌وه بووه‌ته 23%، ودیارده‌كه رووی له‌كه‌مبونه‌وه كردووه و له 1113 فۆرم كه پڕكراونته‌وه و ده‌ركه‌ووتوه كه تیمه‌كانی هۆشیاری رێكخراوه‌كه‌و ته‌له‌فزیۆن، كاریگه‌ری له كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌كه‌دا هه‌بووه.
ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌كانی وادی له عێراق، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی به‌كه‌مته‌رخه‌م زانی له ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه، گوتی:" چه‌ندین جار هه‌وڵماندا بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و مافی مرۆڤ، تا به هه‌موو لایه‌ك بتوانین ڕووبه‌ڕووی دیارده‌كه ببینه‌وه، به‌ڵام هاتنه پێشه‌وه‌یان بۆ مه‌سه‌له‌كه نه‌بوو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه كێشه‌كه له‌وه گه‌وره‌تره له ئاستی تێگه‌یشتنی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌كاندا بێت و ژنانێكی زۆر بوونه‌ته قوربانی دیارده‌كه".
پرۆژه یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌ته‌نه‌ی مێینه له‌كوردستان، له ئێستادا به‌سێ ماده خراوه‌ته‌وه ناو یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندووتیژی خێزانی، به ئامانجی ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. فه‌لاح، گوتی:" به‌رله دوو ساڵ یاداشتێكمان دایه په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، له‌ناو په‌رله‌ماندا پشتگیریمان لێكرا، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن هه‌ندێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه پڕۆژه‌كه پشتگوێ خرا". فه‌لاح، هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه په‌رله‌مانی ئه‌م جاره، چالاكتر بێت و بتوانێ یاسایه‌ك بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌كه ده‌ربكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه مه‌رج نییه له وڵاتێكدا ئه‌و كیشه‌یه‌ی تێدابێت، ئینجا یاسایی بۆ ده‌ربكرێت، پێویستی به‌بوونی ئه‌و یاسایه هه‌یه له پێناو پاراستنی مافی ژناندا، چونكه ئه‌م دیارده‌یه تاوانێكی گه‌وره‌یه و دژ به ژنان، ئه‌نجامده‌درێت.