|
کچێك پاش له دایکبوونی تووشی لۆکیمیا ده‌بێت. توێژه‌ران له‌ناو له‌شی کچه تازه له دایکبووه‌که‌دا خانه‌ی لوویان دۆزییه‌وه، که له دایکه گه‌نجه‌که‌یه‌وه سه‌رچاویان گرتبوو. بۆ یه‌که‌مین جار توێژه‌رانی ژاپۆنی توانییان به‌هۆی شیکاری جینییه‌وه بیسه‌لمێنن، که خانه شێرپه‌نجه‌کان له دایکه‌وه بۆ ناو ئاوه‌له‌مه دزه ده‌که‌ن.
"Shuki Mizutani" و "Takeshi Isoda" له "Tokyo Medical and Dental University" توانییان بۆ یه‌که‌مین جار بیسه‌لمێنن، که خانه شێرپه‌نجه‌ییه‌کان له دایکه‌وه بۆ منداڵ ده‌گوێزرێنه‌وه. توێژه‌رانی ژاپۆنی توانییان به‌یارمه‌تی شیکارکردنی جینییه‌وه به‌م زانیارییه بگه‌ن، که پێشتر چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن توێژه‌رانی دیکه‌وه ئاماژه‌ی پێداربوو. توێژه‌ران له‌سه‌ر ڕووپه‌ری گۆڤاری "Proceedings of the National Academy of Sciences"دا نووسیویانه، که خانه‌کانی کچی له‌دایکبوو له به‌شێکی جینیدا هێنده زۆر هاوشێوه‌ی دایکی بوون، ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌بوو، که له له‌شی دایکه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و دواتر بۆ ناو ئاوه‌له‌مه دزه‌ی کردبێت. ماوه‌یه‌کی زۆره ده‌زانرێت، که شێرپه‌نجه له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی تر ده‌گوێزرێته‌وه. به‌ڵام تاکو ئێستا زانیارییه‌کی یه‌کجار به‌هێز له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بووه، که گواستنه‌وه له‌ڕێگای وێڵاشه‌وه ڕووده‌دات. به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی وێڵاش به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌رگریدا ڕێگا له گواستنه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی نه‌خۆشی ده‌گرێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌که‌وێت، خانه‌ی شێرپه‌نجه بازندانی له دایکه‌وه بۆ کچ ناوه، ئه‌مه‌ش توێژه‌ران به‌یارمه‌تی به‌راوردکردنی خانه‌ی ترشی ناووه‌کی دایك و کچ پێیگه‌یشتوون. تا پێش شیکارکردنه‌وه‌ی جینی توێژه‌ران ته‌نها له‌ڕێگای په‌نجه‌مۆره‌وه ده‌یانتوانی ڕێچکه‌ی شێرپه‌نجه ڕاڤه بکه‌ن. لێر‌ه‌شدا توێژه‌ران زنجیره‌ی ترشی ناووه‌کی خانه‌کانی شێرپه‌نجه‌یان له چه‌ند به‌شێکی زۆردا ده‌ستنیشانکرد و به‌م شێوه‌یه‌ش پڕۆفیلی خانه‌یه‌کیان ئاماده‌کرد، وه‌ك له په‌نجه‌مۆرکردندا ناسراوه. ئه‌گه‌ر پڕۆفیلی خانه‌یه‌کی تری پێ به‌راوردبکه‌ن، ئه‌و ده‌توانن به‌ئه‌گه‌رێکی گه‌وره‌وه ئاستی نزیکایه‌تی هه‌ردوو خانه‌ی پێ دیاریبکه‌ن. به‌م ڕێگایه توێژه‌ران به‌راوردی خانه‌کانیان کرد، که له لووی کچه یانزده مانگه‌که و خانه‌ی دایك وه‌ریانگرتبوو. پاش خستنه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ی توێژه‌ران لۆکیمیایان له دایکی ته‌مه‌ن 28 ساڵدا ده‌ستنیشانکرد. شیکارکردنه‌کان نیشانیاندا، که بۆماوه‌یی له زۆربه‌ی خانه لووییه‌کانی مناڵه‌که‌دا تێکه‌ڵه‌یه‌ك له ترشی ناووه‌کی باوك و دایك نه‌بووه، وه‌ك هه‌موو خانه‌کانی دیکه‌ی له‌ش. زۆر زیاتر خانه لووییه‌کانی ترشی ناووه‌کی منداڵ به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ دایکی یه‌کیان ده‌گرته‌وه. بێجگه له‌وانه‌ش خانه‌کانی کچه‌که هه‌مان جینی شێرپه‌نجه‌ی "BCR-ABL1" تێدابووه، که به‌هۆی تواندنه‌وه‌ی دوو جینی شێرپه‌نجه‌ی دیکه‌ی هاتبوونه ئاراوه. جیاوازییه‌کی جینی له بۆماوه‌ییدا بوونی هه‌بوو: له‌سه‌ر کرۆمۆسۆمی شه‌شی خانه‌ی منداڵه‌که‌دا جینی "HLA" بوونیان نه‌بوو، که هاوکات له دایکدا هه‌بوون. ئه‌مانه‌ش ڕۆڵێکی گرنگ له سیسته‌می به‌رگریدا ده‌بینن، چونکه پڕۆتین کۆد ده‌که‌ن، که له‌سه‌ر ڕووپه‌ری سه‌ره‌وه‌ی خانه‌کاندا بوونیان هه‌یه. به‌مجۆره سیسته‌می به‌رگی خانه‌کان وه‌ك خانه‌ی بێگانه یان خانه‌ی نزیك ده‌ناسێته‌وه. چونکه منداڵه‌که جینی "HLA"ی نه‌بووه، هه‌ربۆیه سیسته‌می به‌رگری نه‌یتوانیوه خانه‌ی لووی دایك وه‌ك خانه‌یه‌کی بێگانه بناسێته‌وه. ئه‌م نه‌بوونییه‌ش بۆته له‌بارکردنی گواستنه‌وه‌ی خانه شێرپه‌نجه‌ییه‌کان بۆ منداڵه‌که، هه‌روه‌ك توێژه‌ران ڕوونی ده‌که‌نه‌وه. سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ
|